هەواڵەکانی کوردواڵێت

جەی زەی و جاک دۆرسی رویان لە دراوە دیجیتاڵەکان کرد

جاک دۆرسی، خاوەنی تویتەر لەگەڵ جەی زەی، گۆرانیبێژی ئەمریکی کار دەکەن بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی دارایی تایبەت بە پەرەپێدانی دراوی بیتکۆین تاوەکو ببێتە دراوی ئینتەرنێت.

دۆرسی کە هاوکات خاوەن کۆمپانیای سکوێری تایبەت بە پارەدانی ئەلیکترۆنییە رایگەیاند، “من و جەی زی بڕی 500 دانە بیتکۆین بەناوی بی ترەست پێشکەش دەکەین، ئامانج لێی پەرەپێدانی ئەو دراوەیە، ئێمە دەستپێکی کارەکەمان بە فۆکەسکردن لەسەر ئەفریقیا و هیندستان دەبێت”.

راگەیێندراوەکەی دۆرسی لە دوای رۆژێک دێت لە راگەیێندراوی حکومەتی کەنەدا کە تێیدا دامەزراندنی یەکەمین سندووق لە جیهان تایبەت بە دراوی بیتکۆین لە بۆرسەکانی ئەو وڵاتەی ئاشکرا کرد، ئەوەش دەستی وەبەرهێنەران لەسەر ئەو دراوە ئەلیکترۆنییە گریمانەییە واڵاتر دەکات.
یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی دژایەتیکردنی ئەو دراوە، ئەوەیە کە بیتکۆین لەژێر کۆنترۆڵی بانکە ناوەندییەکانی وڵاتان نییە کە دواجار هەموویان بە یەک سیستەمی جیهانی و لەژێر چاودێری بانکی جیهانی بەستراونەتەوە، بەکارهێنانی بیتکۆین کە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجامدەدرێت، دەستی ئەو بانکانە لە کۆنترۆڵکردنی خستنەڕوو و دیاریکردنی بەهاکەی کورت دەکات.